٣٠ ئازار ٢٠١٧ - ١٢:٣٧
ئێران وەڵامی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ئوردن دەداتەوە و دەڵێت "ناتوانن دۆست و نەیار لەیەکدی جیابکەنەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ئوردن دەداتەوە و دەڵێت "ناتوانن دۆست و نەیار لەیەکدی جیابکەنەوە".

بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی پێویستی بە دەستێوەردان لەکاروباری وڵاتانی دیکە نییە. وڵاتانی عەرەبیش بە تۆمەتبارکردنی بێ بنەمای ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت "ئەو وڵاتانە سەرەڕای ئەزموونی زۆریان، ناتوانن دۆست و نەیار لەیەکدی جیابکەنەوە.

لەبارەی داواکاری وڵاتانی عەرەبی لە ئێران، قاسمی بۆ چۆڵکردنی سێ دوورگە لە کەنداو کە بە خاکی ئیماراتی دەزانن، رایگەیاند "سێ دوورگەی ئەبوومووسا، تونبی گەورە و بچووک خاکی ئێرانن و هەر بەو شێوەش دەمێننەوە".

رۆژی سێشەممە 28-3-2017 لە راگەیێندراوێکی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی، کە لە 15 خاڵ پێکهاتبوو، ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی تۆمەتبارکرابوو.

لە خاڵێکی راگەیێندراوێکەدا هاتبوو "داواکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستهەڵگرتن لەو سیاسەتانەی، کە پەرە بە ناکۆکی تاییفی و مەزهەبی دەدات و چیدیکە پشتیوانی ئەو تاقم و گرووپانە نەکات، کە دەبنە مایەی تێکدانی بارودۆخی وڵاتانی کەنداو و داوا لە حکومەتی ئێرانی بکرێت چیدیکە پشتیوانی ئەو میلیشیا و حیزبە چەکدارانە نەکات لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی".